هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

پەیامی نەورۆزیی مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

هاونیشتمانیانی خۆشەویست

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

ئێمە لە هەلومەرجێکدا بەرەوپیری نەورۆز و ساڵی نوێی ١٤٠٠ی هەتاوی دەچین کە قەیرانە کەڵەکەبووەکان و چارەسەرنەبوونیان، لە درێژە و ئاکامی سیاسەتەکان و بەرێوەبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ئەزموونە تاڵەیە، کە نەک تەنیا نەتەوەکانی بندەستی ئەم وڵاتە، تەنانەت وڵاتان و گەلانی ناوچەکەش لێی بێبەری نەبوونە.

 

kak_mistefa_1400_-_2


متمانەی کۆمەڵایەتی، یەکێک لەو فاکتەرانەیە کە لەسەرخستنی حکومەتەکان بۆ مودیرییەتی قەیرانەکان دەور دەگێڕێت؛ بەگوێرەی ڕاپرسییەکی شارەوانیی تاران، نیوەی هاووڵاتیان باوەڕیان بە ئامار و بڕیاری رێژیم نییە، کەوایە ڕێژیم لەو بوارەشدا لە قەیرانی زۆر قووڵدایە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا لە ئێران ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەیان بە درەنگی ڕاگەیاندووە. بێگومان قەیرانی کۆڕۆنا، یەکێک لەو ڕووداوانەیە کە سەرەڕای زیانی گیانی و ماڵی، کاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر بوارەکانی دیکەش هەبووە. ئەگەر کێشە و قەیرانەکانی پێشووتری ئێران بەبنەما وەربگرین، ساڵی ١٣٩٩، ساڵێکی پڕ لە کارەسات و قەیراناویتر هەژمار دەکرێت.

رێژیم هەر لەسەرەتاوە، پەتای کۆڕۆنای وەک دیاردەیەکی ئەمنییەتی و تەبلیغی نیشان دا. بەپێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی باڵای سپای پاسداران لە پەیوەندی لەگەڵ دۆزینەوە ڕێگاچارەی بنیادین، ئێستاشی لەگەڵ بێت، رێژیم نەیتوانیوە شوێنەواری ماڵوێرانیەکانی ئەم پەتایە بشارێتەوە.

یەکێک لە پێوەرە جیهانییەکان بۆ بەراوردی ڕێژەی خۆشبژیویی وڵاتان، پێوەری لێگاتۆمە. بەگوێڕەی ئەم پێوەرە، دۆخی خۆشبژیویی وڵاتان بە پێی ١٢ خاڵ، (ئاسایش، ئازادیی تاکەکەسی، حوکمڕانی، سامانی کۆمەڵایەتی، وەبەرهێنان، هەلومەرجی کاروکاسبی، ژێرخانەکان، کەیفییەتی ئابووری، هەلومەرجی ژیان، تەندروستی، ژینگە و پەرەوەردە) هەڵدەسەنگێندرێت. بەگوێڕەی دوایین بەراوردی ئەنیستیۆی لێگاتۆم، ئێران لە نێوان١٦٧ وڵاتی جیهان، پلەی ١٢٠ەمی هەیە.

بەپێچەوانەی ئیدیعای بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، لە هەموو ئەو ساڵانەی کە وڵات لە ژێر فشاری گەمارۆکاندا بووە، نە ئابووریی ئەم وڵاتە گەشەی بە خۆوە بینیوە و نە کرانەوەیەک بەرەو باشتربوونی ژیانی خەڵک بینراوە. سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم بووەتە هۆکاری گەمارۆی چەندلایەنە لەسەر ئابووریی ئێران و گەندەڵیی پێکهاتەمەندی نێو ڕێژیمش وای کردووە کە بێ هیوایی بە ژیانێکی سەردەمیانە لە تەمەنی دەسەڵاتداریی ئەم رێژیمەدا ڕوو لە خەڵک بکات.

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام، ئابووریی ئێران لە قەیرانێکی بێ وێنەدایە کە تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران وئێراق قووڵتر و زیانەکانی بەربڵاوترن. کەمبوونەوە یان لەدەستچوونی داهاتی نەوت، هۆکاری کورتهێنانی بودجەیە. ئاستی گشتیی نرخەکان بە شێوەی نێونجی دووقات زیادی کردووە، نرخی تمەن چەندقات دابەزیوە، قەوارەی ئابووریی وڵات چووکەتر بووەتەوە و توانای ئابووریی هاووڵاتی لە ساڵی ١٣٩٩دا بە بەرئاورد لەگەڵ ساڵی پێشتر ٢٥٪ کەمی کردووە.

لە ساڵی ڕابردوودا بودجەی ڕێژیم تووشی کورتهێنان هات و ئەوەش وای کردووە زەختێکی لەڕادەبەدەر بۆ خەڵک بێنێ بۆ ئەوەی باجی ساڵانی پێشوو کۆ بکاتەوە ئەوە لە کاتێدایە پەتای کۆڕۆنا بە تەواوی بازاری تێکداوە و بەپێی ئامار خەڵک لە چاو ساڵی ڕابردوود ٧% هەژارتر بوون، لە ئەمساڵدا بە هۆی کۆڕۆناوە سێ میلیۆن کەس پیشەکەیان لە کیس چووە و چارەنووسی پیشەی پێنج میلیون کەسیش هەتا ئێستا ڕوون نییە حکوومەتیش هیچ پشتیوانییەکی لە بازاڕ و ژیانی ئابووریی خەڵک نەکردووە و هاوکات بازاڕی ڕەش لە ئێراندا تەشەنەی کردووە و گەورەتر بووتەوە.

ئەمساڵیش بۆ جارێکی تر پارێزگاکانی کوردستان لە ئاستی ئێراندا زیاترین رێژەی بێکاری و هەڵاوسانیان هەبووە، لەنێو پارێزگاکانی کوردستاندا، کرماشان زیاترین رێژەی بێکاریی هەبووە . ئیلام و کرماشان به پێی ئاماری فەرمی دوو شاری فەلاکەتبارن و هاوکات بە هۆی تێکڕووخانی زیاتری نرخی تمەن و بڵاوکردنەوەی دۆلاری دەوڵەتی لە ناوەندی ئێران، خەڵکی کورد لە چاو ساڵانی پێشوو هەژارتر بوونە.

ژنان دوو بەرابەری پیاوان بوونەتە قوربانیی قەیرانیی ئابووری. لە کەمتر وڵاتیکی جیهان پانتای کاروچالاکیی ئابوری بۆ ژنان بە ڕادەی ئێران بەرتەسەکە. وڵاتیک کە دانیشتیوانی ژنی سەرەوەی ١٥ ساڵ، زیاتر لە ٣١ میلیۆنە، ژمارەی ژنانی خاوەنکاری کەمتر لە ٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسە. لە ساڵی ١٣٩٩دا، ڕێژەی بێکاریی ژنان ١٤ بەرابەری رێژەی بێکاریی پیاوان بووە، لەگەڵ ئەوە پێدەچێت بەپێی دۆخی کۆڕۆنا ڕێژەی توندوتیژیی بنەماڵەیی ڕوو بە ژن، منداڵ و بەساڵاچووان زیادی کردبێت، بەڵام هیچ ئامارێکی جێگای باوەڕ لەو بوارەدا لەبەر دەست نییە.

ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆڕۆنا لانیکەم سێ بەرابەری ئامارە فەرمییەکانە، ژمارەی قوربانییان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە، سێ بەرابەری ئەو رێژەیەیە کە ڕێژیم ڕایگەیاندووە. قەیرانی بنیاتی لەشساغی لە کوردستان کاتێ کارەساتەکەی ئاشکرا دەبێت کە دەردەکەوێت رێژەی کادری دەرمان لە کوردستان نیوەی ڕێژەی ستانداردی جیهانییە و رێژەی تەختی ICUیەک لەسەر سێی ستانداری جیهانییش نییە.

لە پەیوەندی بە ژیانی کرێکاران و چینی هەژاری کۆمەڵگاوە لە ساڵی ١٣٩٩، دەبێت بڵێین بە گوێرەی بەراروردی چالاکانی کرێکاری، زیاتر لە ٩٠٪ی کرێکاران لە ژێر هیڵی هەژاریدان. گوشاری ئابوووری بە ڕادەیەکە کە کەیفییەتی ژیان و خۆراکی خەڵک بە بەردەوام لە دابەزیندایە. تەنانەت چینی کارمەندیش هاتوونە ژێر هێڵی هەژارییەوە ، هاوکات لەگەڵ ئەوە چینی خانەنشین به هۆی کەمیی مووچەکەیان و به هۆی تێکڕووخانی سندووقەکانی بیمە زیاتر لە هەمیشە ژیانیان لە مەترسیدایە. بڵابوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، وای کردووە که لاسەنگیی چینایەتی ڕوو لە زیادبوون بکات.

سەرەڕای ئەوەی که دەستڕاگەیشتنی دانیشتووانی ناوچە نەتەوەیییەکان بە ئیمکانات و پێداویستیی پزیشکی و تەندروستی بە گوێرەی پێویست نییە، دوای داخرانی قوتابخانە و خوێندنگاکان، کەلێنی دیجیتاڵی و نەبوونی پێداویستیی فێربوون و لاوازبوونی بنیاتی ئینتێرنێت، مەترسیی ئەوەی هێناوەتە گۆڕێ که منداڵانی کوردستان زیاتر لە ڕابردوو تووشی کەم‌خوێندەواری و نەخوێندەواری ببن.

تەنیا لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ٢٣٠ کۆڵبەر و کاسبکار بە هۆی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی ڕێژیمەوە کراونەتە ئامانج و لە ئاکامدا ٦٧ کەس کوژراون و ١٦٣ کەسیش بریندار بوونە. لە ٣٤ کەسی مەدەنی کە کراونەتە ئامانج، ١٥ کەس کوژراون و ١٩ کەسیش بریندار بوونە. لە کۆی ٤٠ قوربانیی مین، ١١ کەس کوژراون و ٢٩ کەسیش بریندار بوونە. هەروەها ٢٢٣ حاڵەتی خۆکوشتن (١١٧ ژن و ١٠٦ پیاو) تۆمار کراوە. لە ناوچە نەتەوەیییەکانی دیکە وەک بەلووچستان، کوشتنی کاسبکاران و سەرکوتی خۆپیشاندەرانی شاری سەراوان نموونەیەک لە کۆی گشتیی دۆخی سەرکوتی سیستماتیک و ستەمی چەند قاتە لەم ناوچانانە.

سەڕەڕای دۆخی داڕماوی ئابووری و قەیرانی کۆڕۆنا، لە یەک ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەر سیاسەتی هەمیشەییی خۆی واتە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییی وڵاتانی ناوچە، تاقیکاریی مووشەکی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی پێداگربووە. کۆماری ئیسلامی بە ڕێگای تۆڕێکی بەربڵاو لە هاوپەیمانە میلیشاییەکان و گرووپەکانی ژێر نفووزی خۆی، شەڕی بە وەکالەتی کردووەتە ئەولەوییەت و کارتێکی گوشار بۆ سەر وڵاتانی ناوچە. هەر لە کاناڵی ئەم هێزانەوە، لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا بەرەدوام بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکای لە ناوچەکە کردوووتە ئامانج. دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند وڵاتیکی جیهان هەوڵی تیرۆر و دەستبەسەرکردن و خستنە داوی دژبەرانیان داوە. فەرماندەکانی سپای پاسداران دان بەوەدا دەنێن کە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ١٧ ملیارد دۆلاریان لە سامانی وڵات بۆ کاروباری دیپلۆماسی وچالاکیی سەربازی و بەرگری لە ناوچەکە تەرخان کردووە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت تەنیا لە ٢٠١٢ بەولاوە، ١٦ ملیار دۆلاریان بۆ هێزەکانی تێرۆر و هاوپەیمانەکانی تەرخان کردووە. ماهییەتی ئەم پاوانخوازییە کە تاران گرێی داوە بە گوتاری مەزهەبی و ئیدئۆلۆژیکەوە، ئیدی ئێستا لای کۆمەڵگای جیهانی بابەتێکی نامۆ نییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی بە تایبەت لە ناوخۆ، جاری وایە بە فاکتەری مەزهەب، جاری واش بووە بە فاکتەری" شکۆی ئێرانی گەورە"، پشتی بەستووە.

زۆرترین تێچوو، کەمترین دەستکەوت

پاش هەموو ئەو قەیرانانە ئەوەی که جێگای ئاماژەیە ئەوەیە که ڕێژیم لە کردەوەدا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەر کردنی قەیرانەکان نانێت، چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی دەرەکییدا. ئەوە خەڵکن کەدەبێت تێچووی سەرەڕۆیییەکانی کۆماری ئیسلامی بدەن.

لە ئاستی ناوچەییدا، هەواڵبەندی و هاوپەیمانیی ژێربەژێر و ئاشکرا لە دژی ڕێژیم لەئارادایە.نزیک بوونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانیان کە چاوەڕوان دەکرێ زیاتر پەرە بستێنی لە ڕاستای پاشەکشە کردن بە رێژیمە. کرانە ئامانجی "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی سپای قودس، "ئەبوو محەممەد میسری"، کەسی دووەمی تۆڕی قاعیدە و "مۆحسێن فەخریزادە" زانای ئەتۆمیی ڕێژیم لە تاران، کەلێنی ئەمنی و لاوازیی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ڕێژیمی زیاتر زەق کردەوە. بێزراویی سیاسەتەکانی ڕێژیم و دەستوەردانی لە وڵاتانی ناوچە لای جیلی نوێ و ڕای گشتی بە تایبەت لە وڵاتانی عێراق و لوبنان و ئەفغانستان کە بە کردەوە لە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانەکان خۆی نیشان داوە، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ شكستی سیاسەتەکانی رێژیم.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەرنامەی مووشەکیی ئێران کە بووەتە هەڕەشە لە سەر وڵاتانی عەرەبی، ئورووپا و ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچە، لە سەر مێزی دانووستانەکاندایە و ئوروپا و ئەمریکا لە سەری کۆکن. ئەوەی وەک هاوکێشە لە ئارادایە، پێناچێ لە بەرژەوەندیی ڕێژیم بشکێتەوە. لە ئەگەری ڕێککەوتن یان بەردەوامبوونی دۆخی هەنووکەیی لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئامریکاش، کۆمەڵێک ئەگەر و ڕووداو چاوەڕوان دەکرێن، بەو سەرنجەوە کە رێژیم لە هەر دوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا لە دۆخێکی لاوازدایە و بەرەو لاوازیی زیاتریش دەچێ.

لەم ساڵانەی دواییدا، بە هۆی گوشارە ئابوورییەکان، خولی ناڕەزایەتییەکان بەرانبەر بەم قەیرانانە وەک شەپۆلێکی ڕووخێنەر کە کۆڵەکەکانی دەسەلاتی وەلەرزین خستووە، ماوە بە ماوە دووبارە بووەتەوە. هەر یەک لەم شەپۆلانە لە ئەنجام و لە درێژەی شەپۆلی پیشووتر، هەر جارەو بەشێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگای لەگەڵ خۆی خستووە. کەڵەکە بوونی شکستەکانی رێژیم و بێ هیواییی خەڵک لە دۆخەکە، ئەنجامەکەی بووە بەوەی کە پانتای ناڕەزاییەتییەکان بەرانبەر بە سیاسەتەکانی رێژیم بەربڵاوتر بێتەوە؛ سیاسەتێک کە زۆرترین تێچووەکەی لە سەر دەستی خەڵک و دەستکەوتەکەشی بۆ سەر سفرەی دەسەڵات بووە.

بۆ تێپەڕین لەم هەلومەرجە و بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی بندەستی، بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکان کەهەموو نەتەوەکان هەست بە سەرەوەری و ئاسایشی نەتەوەیی و کەرامەت و بوونی خۆیان بکەن، ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێمان وایە: هاوچارەنووسی دەبێ ببێتە بنەمای هاوخەباتی وهاوپەیمانی لای هەموو ئەو هێزانەی کە بە کردەوە باوەڕیان بە دێموکڕاسی و مافی نەتەوەییی نەتەوە بندەستەکانی ئێران هەیە. پێمان وایە کە دۆخی لاوازی رێژیم، بەستێنی گونجاوی بۆ خەبات و تێکۆشان لە پێناو ڕووخاندنی ئەم نیزامە و بنیاتنانی سیستمێکی دێموکراتیک و فیدڕال فەراهەم کردووە. سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٤٠٠یشدا وەک ساڵانی رابردوو پێداگری لەسەر لێکنزیکبوونەوەی حیزبە خەباتکارەکان و سەریەکخستنی هێز و توانا و دەرفەتەکان دەکەینەوە. بۆ گەیشتن بە ڕۆژهەڵاتێکی بەهێز و شوێندانەر، پێداگری لەسەر بەرەدوام بوونی ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەکەینەوە وەک ئەسڵێکی بنەڕەتی. پەیوەست بوونی پۆل پۆل کوڕ و کچی بە بیروباوەڕ و شۆرشگیڕ بۆ رێزەکانی هێزی پیشمەرگەی کوردستان لە ساڵی ١٣٩٩دا، هێز و تینی زیاتری بە خەبات لە پێناو ئازادی و ڕزگاریی نیشتمان بەخشیوە. هەر بۆیە ڕایدەگەیێنین بە هیوا و بەهێزتر لە ڕابردوو، سەنگەری ڕۆژهەڵات بۆ بەرگری لە ئازادی ئاوەدانترە.

لە کۆتاییدا، پیرۆزباییی ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەواوری لە هەموو خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە ژیانیان لە پێناوی خەبات بۆ ڕزگاری تەرخان کردووە و قوربانییان داوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێپرسراوی گشتی

مستەفا هیجری

 

_______________________________________

 بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ یان ناردنی‌ بابه‌ت كليك بكه:

  Facebook Telegram


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 110
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy