هاونیشتمانیانی بەڕێز
هەر وەک ئاگادارن شەوی ١٥/٢/٢٠٢١ زایینی ١٤موشەک ئاراستەی شاری هەولێر و فڕۆکەخانەكەی كرا و چەند گەڕەکێکی ئەو شارە بوونە ئامانجی ئەم موشەکانە. بە داخەوە لە ئاکامی ئەم کردەوە تێرۆریستییەدا یەك كەس بوو بە قوربانی و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون. بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە لە لایەن هەر گرووپ و دهوڵهتێکەوە بێ بە توندی مەحکووم دەکەین.
هەروەها داوا لە لایەنە پێوەندیدارەکان لە عێراق و هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دژی تیرۆریزم وسەرۆکایەتی ههرێمی کوردستان دەکەین بە جیددی بەدواداچوون لەم کردەوە تیرۆریستییە بکەن و تیرۆریستان و بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بەڕای گشتی بناسێنن و بە سزای خۆیانیان بگەیەنن.
لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم جارەش جێگەدەستی ڕەشی تاوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم کردەوە تێرۆریستییەش دا ئاشکرایە و هەمووان دەزانین کە کۆماری ئیسلامییە کە بە دنەدان و چەک پێدان و کەڵک وەرگرتن لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە، دوژمنی سەرەکی ئارامی و سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.
دیارە ئەمە یەکەم جار نییە کە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەوێتە بەر هێرشی تێرۆریستی و دەکرێتە ئامانجی نەیارانی ئەم هەرێمە و جاری کۆتاییش نابێت.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم کردەوە تێرۆریستییە بە توندی مەحکووم دەکات و هیوای لەشساغی دووبارە بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە دەخوازێت.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ هەتاوی
_______________________________________
بۆ پێوهندی گرتن لهگهڵ بهڕێوهبهرى ماڵپهڕ یان ناردنی بابهت كليك بكه:

