هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

لە ڕێڕەوی هەڵوەشاندنەوەی ناوەند

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران (١٩٧٩)، ئەگەرچی پێکهاتەی دەسەڵاتی پاشایەتی لەبەریەک هەڵوەشایەوە، بەڵام ژێرخانی پڕۆسەی ستەمی نەتەوەیی و پەڕاوێزخستنی نەتەوە بندەستەکانی دیکە لە سەر بنەمای ئۆستوورەی ئێرانی باستان و ئایدیۆلۆژیی مەزهەبیی شیعە و زمانی فارسی، شێوازێکی نوێی بەخۆوە گرت. لە دەستپێکی ئەم قۆناغەدا، ناوەند جارێکی دیکە خۆی پێناسە کردەوە و ڕەهەندەکانی توندوتیژی و سڕینەوە و سەرکوت، بە شێوەی سیستماتیک بواری پێ درا. ئاکامی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە بوونی نەتەوەکان، هەتا هەوڵ بۆ بە کەمینەکردنیان هەتا ئاستی قەوارەی قەومی و وردە فەرهەنگ، ئەوە بوو کە مافی ژیان، مافی ئازادی، پرسی سەروەریی نەتەوەکان، پرسی دێموکراسی و تەنانەت ئازادییە سەرەتایییەکان، بە دیدی ئەمنییەتی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لێکدرایەوە. ئەم ڕوانینەش، لە ڕاستیدا مەترسیی بووە بۆ سەر مانەوە و ئاسایشی نەتەوەییی نەتەوە ستەم لێ کراوەکان.

 

kak_mitefa_h_-_2017_wtar_1


توندوتیژی و سەرکوتی سیستماتیک، هەموو بوارەکانی ژیانی تەنیوەتەوە. لە کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، ئەم توندوتیژییانە بە فەرمانی جیهادی خومەینی، دامەزرێنەر و ڕابەری کۆماری ئیسلامی، لە ژێر ناوی شەڕی پیرۆز، بە پاساوی ئایات و گێڕانەوە ئیسلامییەکان، دەستی پێ کرد، کە هەتا ئەمڕۆش بەرەدوامە و تەنانەت ڕەهەندەکانی شەڕێکی نەرمیشی لەخۆوە گرتووە و بووەتە ستراتێژی و سیاسەتی فەرمیی میراتگرانی خومەینی.

جیاوازییە بەرچاوەکانی ئەم توندوتیژییە لە کوردستان و هەرێمەکانی دیکەی ئێران لەوەدایە کە ئەگەر لە شوێنەکانی دیکە ئەو خەڵکانەی کە بە نەیار و جیابیریان دەزانن، دەکەونە بەر پەلامار و زیندانیکردن، ئەشکەنجە و ئێعدام، لە کوردستان هاوبەش لەگەڵ ئەم خاڵانە، مێژوو، ناسنامە، کولتوور، زمان و بە گشتی ژینگەی نەتەوەییی کورد کەوتووەتە بەر هێرشێکی هەمەلایەنە کە دوائامانجی ناوەند، تواندنەوە و کپ‌کردنی دەنگی ڕزگاریخوازیی کورد بووە.

ئێستای کورد و ڕەوشی ناوەند

سەرەڕای ژینگەی داخراو و بە ئەمنی کراو و ڕەوشی سەرکوت و توندوتیژی لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی، ڕێژیم لە پەیوەندی لەگەڵ ئامانجەکانی لە ناوخۆ و دەرەوە بە بنبەست گەیشتووە.

وەک باسکردن لە بەرایی ئەم سیاسەتە شکست خواردووە، پێم وایە کە ڕێژیم لە سیاسەتەکانی بەرانبەر بە یەکەی نەتەوەیی کورد له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، هەر لە سەرەتاوە ناکام ماوەتەوە. خۆزیای ئازادی و سەربەستی و گەیشتن بە مافی نەتەوەیی کە هەمان سەرەوریی کوردە بە سەر خاکی خۆیدا، بەردەوام و ڕوو لە گەشەیە. پێداگری لە سەر ناسنامەی نەتەوەیی، جەوهەری بزووتنەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی کورد بووە. بەرەنگاری و بەرگریی نەتەوەیی، ڕێڕەوی هەمیشەیی ئەم بزووتنەوەیە بووە. داگیرکاریی ڕێژیمی ئێران ژینگەی کوردستانی بەرەو لەناوبردن بردووە و سەرچاوە ئاوی و کانزاییەکانی بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی ناوەند بەتاڵان بردووە. هەروەها لە ئێستادا ئاستی نابەرابەریی کۆمەڵایەتی بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیمەوە، کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بەرەو کۆمەڵگایەکی نایەکسان و تەژی لە چەوساندنەوە بردووە. ژمارە و ڕادەی زیندانییەکان، شەهیدانی ژینگەپارێز و سەرکوتی دەنگی ژنان و خوێندکاران و چالاکی مەدەنی، لە سێدارەدان و تێرۆر و بێسەروشوێن‌کردن و ڕەشەکوژییەکان، ئەگەرچی بەڵگەن بۆ تاوانەکانی ڕێژیم، بەڵام لە هەمان کاتدا، ئاماژەکانی سەرزیندوویی و خۆڕاگریی ئەم نەتەوەیەن کە بەرانبەر بە ستەم و ژێردەستی سەری دانەنواندووە.

سەبارەت بە دۆخی گشتیی ئێران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕوانگەیەکی گشتیدا وەک دەوڵەتێکی شکستخواردوو هەژمار دەکرێ کە توانای ئیدارەکردن و بەڕێوەبەریی وڵاتی نەماوە. ئەگەریش توانایەکی مابێت پەیوەستە بە نواندن و بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و سەربازی لە ناوخۆ و دەرەوە.

گومان لەوەدا نییە کە ڕێژیمێکی ناموتەعارەفی وەک کۆماری ئیسلامی بەهۆی کۆمەڵێک قەیرانی کەڵەکەبوو و پرسی چارەسەرنەکراو لەناوخۆ و دەرەوە گەمارۆ دراوە.

گەندەڵی و تاوانەکانی حکوومەت و دەسەڵاتداران، ئاستی ناڕەزاییەکان، جمەی شەقامەکان، تەوژمی بێکاری و نەبوونی دەرەتانی ژیانێکی ئاسایی بۆ زۆرینەی خەڵکانی ئێران و دەیان و سەدان ئاریشەی دیکە، ڕێژیمی بەرەو بنبەستێکی ئیداری و بەڕێوەبەری بردووە. ئەم دۆخە وای کردووە کە مافی ژیانێکی سەرەتایی لەم وڵاتە مسۆگەر نەبێت.

قەیران ڕەنگە ئەو چەمکە سەرەکییە بێت کە بۆ لێکدانەوەی دۆخی بنبەستی ئێستا یارمەتیدەر بێت. قەیران لە بەڕێوەبەری، قەیران لە سیاسەتی ناوخۆیی و قەیران لە سیاسەتی دەرەکی، تەنگی بە ڕێژیم هەڵچنیوە، بە جۆرێک کە قەیران بە قەیران بەڕێ دەکات.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی ئێستاشی لەگەڵ بێت هەوڵ دەدات وەک لایەنێکی هێژمونیکی ناوچەیی، حەوزە و پێگەیەک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ خۆی پێناسە بکات، بەڵام بەهۆی کەمپەینی سزا و گەمارۆکانی ئامریکاوە، بڕستی لێبڕاوە و بەشێکی زۆر لە سەرچاوە دارایی و هەواڵگری و سەربازییەکانی، تەنانەت هەتا ئاستی هاوپەیمانان و گرووپە پرۆکسییەکانی لە عێراق، سووریه، لوبنان و یەمەن کە شەڕی بە وەکالەتی بۆ دەکەن لەگەڵ قەیران بەرەوڕوون؛ بە تایبەت کە ئێستا، وەک ڕابردوو توانای دابینکردنی تێچوو و بودجەی گرووپە میلیشیاییەکانی نەماوە و بە تێکڕایان لە تەنگانەدان. جیا لەم فاکتەرە، لە وڵاتانی وەک عێراق و لوبنان، لە دژی سیاسەتی دەستێوەردانەکانی هاتوونەتە سەر شەقام و خوازیاری بنبڕکردنی نفووزی ئێرانن لە وڵاتەکەیان. لە وڵاتێکی وەک سووریە کە ئێران بە حەوزەی نفووزی خۆی زانیووە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە دەیان و سەدان جار بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی کراونەتە ئامانج و بێجگە لە دەستەوەستانی، توانای بەرگریکردنی لە خۆی نەماوە.

سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئاماژە دەدەن کە ئەم هێرشانە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێن؛ وڵاتێک کە دروشمی سڕینەوەی لە سەر جوغرافیای سیاسی، بەڵێن و قسەی هەمیشەیی بەرپرسانی ئێرانی بووە. تەنانەت ئەم هێرشانە لە سەر خاکی ئێران دووبارە دەبنەوە و بنکە و دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازی و ستراتێژییەکانی دەکرێنە ئامانج.

ڕێژیمێک کە خولیای بنیاتنانی"ام القرا"ی ئیسلامی هەبوو لە ناوچەکە، لە مێژووی خۆیدا بە ڕادەی ئێستا، لاواز و بێ دەرەتان نەبووە. دۆخێک کە لە ناوچەکە و لە ژمارەیەک لە وڵاتان لە ئارادایە، ئەنجامی سیاسەتی ئاژاوە و پیلانگێڕی و دەستێوەردانی ڕێژیمێکە کە ئێستا نە تەنیا خۆی، بەڵکوو ئێرانیشی تێوەگلاندووە. ڕێژیمێک کە سامان و سروەتی وڵاتی کردە تێچوو بۆ سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش، ئێستا چاوەڕێی شۆڕش و ڕاپەڕینی قوربانییانی ئەم سیاسەتەی دەکات کە خودی خەڵکانی ئێرانن. هەر وەک چۆن لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا شەپۆلەکانی ڕقی پەنگخواردوی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەم وڵاتە، مەوجودییەتی ڕێژیمیان هەتا لێواری(وەک خودی بەرپرسانی ڕێژیم دەڵێن) بوومەلەرزەی سیاسی و ڕاپەڕینی سەرتاسەری بردووە.

ئێستا قەیرانی هاوتەریبی ناوچەیی و ناوخۆیی، هاوکاتە لەگەڵ پەتای گشتگیریی کۆڕۆنا کە تەنانەت توانای بەرگری و جەستەی حکوومەتیشی داهێزراندووە.

بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم پەتایە لەگەڵ ئەوەیکە توانای سیستمی تەندروستی و خزمەتگوزاریی ڕێژیمی خستە ژێر پرسیارەوە، گوشارێکی زیاتر و چەند قاتی بۆ سەر کۆمەڵگای ئێران پێکهێنا.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی نرخی نەوت(لە دۆخی گەمارۆکان) و دابەزینی چەند قاتی بەهای تمەن بەرانبەر بە دۆلار، ڕێژەیەکی زۆرتر لە خەڵکی ئێرانی خستە ژێر هیڵی هەژاری و بێکاریه‌وه‌. لەگەڵ ئەمەشدا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمبوونی کەرەستە و ئیمکاناتی تەندروستی، دەیان میلیۆن کەسی بەرەو هێڵی کارەسات و تووشبوون و مەرگی یەکجاری بردووە.

سەرەڕای ئەمانەش هیچ دەزگا و وەزارەت و بەرپرسێک ئامادە نییە ژمارەی تەواوی قوربانییەکان بەمیدیایی بکات، هەر وەک چۆن ئامادە نەبووە ژمارەی تەواوی بریندار و کوژراو و زیندانی و بێ سەروشوێنکراوەکانی خۆپێشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوو ئاشکرا بکات.

لەم دۆخە قەیراناوییەدا، بەستێنی سەرهەڵدان بۆ ناڕەزاییی زیاتر و هاوکات مەترسیی سەرکوتی زیاتر پێشبینی دەکرێت. ئێستا کە بێ متمانەیی بە حکوومەت و بێ هیوایی بە ژیانێکی ئاسایی باڵی بە سەر ئەم وڵاتەدا کێشاوە و چاوەڕوانیی هیچ چارەسەرێک ناکرێت، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بۆ مانەوەی خۆی ئامادەی هەموو جۆرە توندوتیژی و سەرکوت و تێچوویەکە. ئاماژەکانی ئەم ئامادەکارییەی ڕێژیم بە نسیبەت کوردستانەوە ڕوونترە. تەنیا لە ٧ مانگی ڕابردوودا، ٩٢ کەس لە ڕۆژهەڵات بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، سیاسی و مەزهەبی، حوکمیان بەسەردا سەپاوە. ئیعدامی هیدایەت عەبدوڵڵا پوور، سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ‌زادە و حوکمی زیندانیی درێژخایەن بۆ حوسێن عوسمانی و زارا محەممەدی و پێشتریش حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ زەینەب جەلالیان تەنیا چەند نموونەیەکن.

بەڵام مێژووی کۆماری ئیسلامی سەلماندوویەتی کە ئەو سیاستە چەوت و توندوتیژانە دادی نادەن. بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو، کورد لە ڕۆژهەڵات خۆی وەکوو نەتەوەیەکی بێ حاکمییەت بینیوە. بەم پێیەش یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی سەرکوت و ئاسیمیلەکردنی ناوەند بووە. لەم ڕووەوە، بە پێداگریی لەسەر مسۆگەربوونی سەروەریی خۆی بە سەر خاکی خۆیدا، جەختیش دەکاتەوە کە نیشانەکانی "دێموکراسی" و بنەماکانی پێکهێنانی دەسەڵات و هەروەها چەمکی کۆمەڵگای ئێرانی، دەبێ سەرلەنوێ پێناسە بکرێنەوە. بە بێ ئەم پێناسە کردنەوەیە، سیستەمی داگیرکاریی ناوخۆیی درێژەی دەبێ، هەر بۆیە ئەم جۆرە لە پەیوەندیی داگیرکاری، دەبێ سەرەتا لە ناوەندەوە هەڵبوەشێتەوە، هەتا زەمینە بۆ پێکەوە ژیانی دڵخوازانە و ئاشتییانە فەراهەم بکرێت. بۆ ئەم ئامانجە، کوردستان لە سەر پێ دەمێنێتەوە و بۆ گەیشتن بە سەروەری و تێکەوەپێچانی کۆماری ئیسلامی تێچووی زیاتر دەدات.

 

   _______________________________________

بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ یان ناردنی‌ بابه‌ت كليك بكه:

 Facebook Telegram


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 600
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy