هه‌ڵۆی کوردستان

-
هەڵە
  • JFolder::create: Could not create directory

ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

پۆستی ئەلیکترۆنی چاپکردن

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

 

farmandaei_pdki_pm_2

 

هاووڵاتیانی بەڕێز

کۆمەڵانی مافخوازی خەڵکی کوردستان

کادر‌و پێشمەرگە، ئەندامان‌و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ ١٣٩٨ی هەتاوی حەفتا‌و چوارەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانە، کۆمارێک کە لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و بە دەست پێشەوای نەمر، قازی محەممەد بە کەڵک‌وەرگرتن لە هەلومەرجی ئەوکاتی ئێران‌و ناوچەکە لە بەشێک لە کوردستانی ئێران بە ناوەندی شاری مەهاباد دامەزرا‌و بۆ یەکەم جار ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردی لەو بەشەی کوردستان کردە خاوەن دەسەڵاتێکی نەتەوەیی‌و دێموکراتیک.

بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆڵەکانی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گشتی‌و کادر‌و پێشمەرگە‌و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی دەکەین. دامەزرانی کۆماری کوردستان بەتایبەتمەندی دێموکراتیکی خۆیەوە لە ناوچەیەکی پڕ دیکتاتۆری‌و کۆمەڵگایەکی ناپێشکەوتووی ئەوکاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دیاردەیەکی گرینگ‌و هیوابەخش بۆ گەلانی ژێر دەستە‌و ماف پێشێلکراوی ناوچەکە بوو.

گرینگی‌و جێگای بایەخی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەوەڕا سەیری دەکرێ کە کۆمەڵگای ئەوکاتی کوردستان کۆمەڵگایەکی فێئوداڵی، عەشیرەتی‌و زیاتر لە سەدی ٨٠ی دانیشتوانی پیاو نەخوێندەوار‌و زیاتر لە سەدی ٩٥ی ژنانی نەخوێندەوار بوون‌و کۆمەڵگا بە گشتی لە ژێر شوێندانەریی داب‌و نەریتی نا پێشکەوتوو دابوو. ئەگەر لەم هەلومەرجەدا دەرەتانی دامەزرانی کیانێکی کوردی لەم بەشە لە کوردستان ڕەخسا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان حیزبێکی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێوازێکی مۆدێڕن‌و بەتایبەتمەندێکی دێموکراتیکەوە دامەزرابوو.

حیزبێک کە لە سەر بنا‌غەی ڕێکخراوەی کۆمەڵەی ژ.ی.ک (ژێ.کاف) کە ٣ ساڵ پێشتر لەپێناو پەرەپێدانی بیری نەتەوایەتی کورد دامەزرابوو لەو پێوەندیەدا کاری بەرین‌و بەردەوامی لە کوردستاندا کردبوو‌و لەو بوارەوە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو هێنابووە ئاراوە.

ئەو بەستێنە ئەرێنییە بەتایبەت بەدامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ناو‌و ناوەڕۆکی دێموکراتیکی بە خۆیەوە گرت بۆ بە هۆی ئەوەیکە سەرەڕای نەبوونی هێندێ پێوەری پێویست کۆماری کوردستان دامەزرێ. بۆیە بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین ئەگەر بەستێنی پەرەگرتن بۆ بیروهەستی نەتەوایەتی نەهاتبا ئاراوە‌و حیزبی دێموکراتی کوردستان دانەمەزرابا، دەرفەت بۆ دامەزرانی کۆماری کوردستان نەدەڕەخسا‌و ئەگەر دامەزراباش خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە نەتەوەیی‌و دێموکراتیکە نەدەبوو، کە هەیبوو. هەر بۆیە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش پیشتیوانیان لێ دەکرد‌و تەنانەت تێیدا بەشداربوون، بە کورتی کۆماری کوردستان کیانی دێموکراتیکی نەتەوەی کورد بوو کە لە ناوچەیەکی پڕ دیکتاتۆری ئەو کاتی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەری هەڵدابوو. بۆیە نە دیکتاتۆرەکان چاوی دیتنیان هەبوو نە تەنانەت زلهێزەکان‌و وڵاتانی براوەی شەڕی دووهەمی جیهانی، مانەوەی ئەو کیانە کوردییان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا بەدی دەکرد. هەر بۆیە هەوڵی جوانمەرگکردنیان دا‌و بە هێرشی نیزامی پاش ١١ مانگ ئەو دەسکەوتە مێژووییەیان لە باوەشی کورد دەرهێنا.

کۆماری کوردستان تەمەنی کورت بوو. بەڵام لەو ماەوە کورتەدا کۆمەڵێک ئەرک‌و خزمەتی بەجێ هێنا کە ڕەنگە زۆر دەسەڵاتی خاوەن پشتیوان‌و ئیمکانات لەو ماوەیەدا بۆی نەکرابێ‌و بۆی نەکرێ، هەموو ئەو کار‌و کردەوانەش لە خزمەت گەشەی بیری نەتەوایەتی ، شوناسی کوردی‌و شێوازە دێموکراتیکەکانیدا بوون. بە نەمانی ئەو کۆمارە‌و ئەو کیانە پڕ بایەخەی کورد، پێشەوای کورد‌و بەشێک لە بەرپرسانی کۆمار بە تاوانی کورد بوون‌و دامەزراندنی کۆمار‌و کیانی کوردی لە سێدارە دران‌و بە شێکی بەرچاویشیان بەند کران. بەو حاڵەش کۆمار کۆمەڵێک یادگاری بایەخدار وەک ئاڵای کوردستان‌و ناوی پێشمەرگە‌و سەرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیبی بۆ بە جێ هێشتین‌و لە هەموو ئەو ٧٤ ساڵەشدا ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە گشتی‌و کادر‌و پێشمەرگە‌و ئەندامانی حیزبی دامەزرێنەری کۆمار بە تایبەتی لەپێناو وەدەستهێنانەوەی ئامانجە بەرزەکانی کۆماردا لە خەبات‌و تێکۆشاندا بوون‌و لە ڕەوتی ئەو خەباتەدا بە هەزارن شەهید‌و هەزاران بەندکراوی پێشکەشی بارەگای ئازادیی کورد‌و گەیشتنەوە بە ئامانجەکانی کۆمار کردووە.

یادی ٢ی ڕێبەندانی ئەو ساڵ ٧٤ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە کاتێکدا دەکەینەوە‌و ڕێز لە دامەزرێنەران‌و بەڕێوەبەرانی کۆمار دەگرین‌و وەفاداریمان بە ئامانجەکانی کۆمار دووپات دەکەینەوە کە ئێران هەروا لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆنەپەرەستی‌و دژی مرۆڤی‌و ماف پێشێلکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دایە، بەڵام زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو بینەری وەزعی شپرزەی ئەو ڕێژیمە لە زۆربەی بوارەکان داین. خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بە گشتی‌و کوردستان بە تایبەتی زیاتر نێوەڕۆکی ڕێژیمیان بۆ دەرکەوتووە‌و ڕاشکاوانەتر بەرامبەر بە ڕێژیم‌و سیاسەت‌و سەرکووت‌و کردەوەکانی هەڵوێست دەگرن، ناڕەزایەتییە دەربڕینەکان‌و حەرەکەتە ئیعترازییەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر بەرینتر‌و گشتگیرتر‌و تێکڕاییتربوون، درووشمی خۆپێشاندەران پێکهاتەشکێنتر دژ بە ڕێژیم لە تەواوییەتی خۆیدا لەسەروی هەموانەوە ڕووی لە خامنەیی‌و سپای پاسدارانە‌و تەنانەت دژ بە ویلایەتی فەقییە‌و کۆڵەکەکانی ئیدئۆلۆژی ڕێژیمە. بە کوورتی بێزراوی ڕێژیم لە ڕادەی نێونەتەوەیی‌و نێوخۆییدا گەیوەتە ئاستێک کە هیوا بە نەمانی ڕێژیم زیاتربێ‌و لە سەر ڕەوتی خەباتمان لە هەر هەلومەرجێک دا پێداگرتووتربین ئەوەش دەرەتان بۆ خەباتی کورد‌و گەیشتن بە ئاوات‌و ئامانجەکانی کورد‌و وەدەست هێنانەوەی دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان پتر دەرەخسێنێ. بەو هیوایە‌و بە خەباتی تێکڕاییمان یادی ٢ی ڕێبەندان لەساڵانی داهاتوودا لە هەموو شار‌و شوێنەکانی کوردستان‌و بە تایبەت لەسەر گڵکۆی پێشەوای کورد قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان بکەینەوە.

جارێکی دیکە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی پێشەوای نەمر قازی محەممەد‌و هەموو شەهیدانی کوردستان‌و ڕێز‌و پێزانینمان بەرانبەر بە خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی دووپات دەکەینەوە.

بەردەوامی‌و سەرکەوتن بۆ خەباتی تێکڕاییمان

نەمان بۆ ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێران

 

ناوەندی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی

٢١ی ژانەویەی ٢٠٢٠ی زایینی

 

 _______________________________________

ــ بۆ پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌ى ماڵپه‌ڕ له رێگه‌ی‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ ئێره‌ كلیك بكه‌ 


ناردن بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان
جاری خوێندراوه‌: 440
بۆچوونه‌کان (0)Add Comment

نووسینی بۆچوون
بچووکردنه‌وه‌ی خانه‌ی بۆچوون | گه‌وره‌کردنی خانه‌ی بۆچوون

busy